وریابن لە هەوڵەکانی بێهیواکردن و شەڕی نەرم.
نووسینی: عارف باوەجانی
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، هەوڵەکانی شەڕی نەرم و کاریگەریکردن لەسەر بارودۆخی دەروونیی خەڵک، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. ئەم هەوڵانە زۆرجار لەلایەن نەیارانی دەرەکی و هەندێک لە هاوکارانی ناوخۆیییانەوە دەخرێنە گەڕ، بە مەبەستی لاوازکردنی ڕۆحی بەرخودان و دڵساردکردنەوە لە بەردەوامیی خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەمان.
بەڵام ئەزموونی مێژوو سەلماندوویەتی کە ئەو جۆرە هەوڵانە نەک تەنها ئامانجەکانیان بەدی ناهێنن، بەڵکوو زۆرجار هۆکاری زیاتر بەرزبوونەوەی هەستی نەتەوەیی و بەهێزتر بوونی ئیرادەی گەل دەبن. ئەو «گڕ و هزرە»ی کە نەیاران دەیانەوێت بیکوژێننەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ بڵێسەی زیاتر دەدات و بەهێزتر دەبێت.
ئەرکی هەموومانە کە لە ئامانج و شێوازەکانی ئەو هەوڵانە تێبگەین و بە ئاگاییەوە دژیان بوەستینەوە. نابێت ڕێگە بدەین بانگەشەکانی بێهیواکردن و ناڕەحەتی، کاریگەری لەسەر باوەڕ و بڕیارە نەتەوەییەکانمان دروست بکات.
ئەگەر سەیرێکی مێژووی ڕابردووی خۆمان بکەین، دەبینین نەتەوەکەمان قۆناغگەلێکی زۆر سەختتر و ئاڵۆزتر لە ئێستاش تێپەڕاندووە. بۆیە ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، ناتوانێت کۆتایی بە هیوا و ئامانجەکانی گەل بهێنێت.
لە ڕوانگەی زۆرێک لە شیکارکارانەوە، داهاتووی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاڵوگۆڕی گەورە بەستراوەتەوە و بەردەوامبوونی ئەو دۆخەی ئێستا هەمیشەیی نییە. مێژوو فێری کردووین کە دوای هەر قۆناغێکی ناخۆش، دەرگای قۆناغێکی نوێ و باشتر دەکرێتەوە.
هەر بۆیە پێویستە بە هیوا، یەکگرتوویی و متمانە بە تواناکانی خۆمان، بەردەوام بین و ڕێگا بە هەوڵەکانی بێهیواکردن نەدەین



