کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ بەڕێوە چوو
ڕێکەوتی ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ی کوردی، بەرامبەر بە ٢٥ی مای ٢٠٢٦ی زاینی، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان، بە سەرپەرشتی سەرۆکی گشتی، کۆبوونەوەی دەورەیی خۆی لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ بەڕێوە برد، کە بریتی بوون لەم خاڵانەی خوارەوە:
١/ پێداچوونەوەیەک بە کار و پێوەندییەکانی پ س ک لە ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی.
٢/ ڕووداوەکانی شەڕی ٤٧ ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، و ڕاگرتنی شەڕ لە ئێستادا و ئەگەری هەڵگیرسانەوەی لە داهاتوودا.
٣/ هەڵویستی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پەلاماردانی ئاسمانی بۆ سەر کەمپی مەدەنیی حیزبەکان.
٤/ هەوڵی هاوپەیمانیی هەندێک لە حیزبە کوردییەکان لەگەڵ فارسەکان و زیانەکانی بۆ پرسی نەتەوەیی.
لە پاش گۆڕینەوەی ڕاو بۆچوونەکان لەسەر گشت خاڵەکان، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان بۆچوونەکانی بەم شێوەی خوارەوە دەخاتە بەر دەستی ڕای گشتیی کوردستانی و جیهانی:
١/ لە پێوەندی بە ڕاگرتنی شەڕ لە ئێستادا و ئەگەری هەڵگیرسانەوەی لە داهاتوودا:
ئێمە پێمانوایە کە ئەم ڕێژیمە هەرگیز واز لە تواندنەوەی «یورانیۆم» ناهێنێت.
ئەم ڕێژیمە هەرگیز واز لە دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ناهێنێت.
ئەم ڕێژیمە هەرگیز دان بە مافی نەتەوەکانی سەر ئەو جۆگرافیایەدا، کە پێی دەگوترێت ئێران، نانێت. ئێعدام و زیندانیکردنی خەڵک لە جاران زۆر زیاتر بووە. هەروەها هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی لەگەڵ ئەمریکا یان وڵاتانی عەرەبی، تەنها بە مەبەستی کات کووشتن و خۆ ڕێکخستنەوەیە.
هەر بۆیە پێمانوایە کە لە دەورانی داهاتوودا ئەگەری هەڵگیرساندنەوەی شەڕەکە زیاترە. پێویستە نەتەوەی کوردیش وەک نەتەوەیەکی ڕەسەن و جیاواز لە نەتەوەی حاکم، بۆ دەورانی دوای کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی ئامادە بکات، نەک بە چاوی کەمینەیەک.
لە پێوەندی بە پەلاماردانی درۆنی و مووشەکیی بەردەوامی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کەمپی مەدەنی و شوێنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان جارێکی دیکە ئەو جۆرە جینایەتە بەردەوامانەی ڕێژیم داگیرکەری ئێرانی ئیدانە کرد. هەروەها بەڕێز عارف باوەجانی سەرۆکی ( پ س ک) ئاماژەی بە ئەرکە دیپلۆماسی و میدیاییەکانی خۆی دا، کە بەردەوام ئەو پرسەی بە گوێی جیهاندا گەیاندووە و لەو بوارەشدا هەر بەردەوام دەبێت.
هەروەها لەو کۆبوونەوەدا ئاماژە بە چەند پیلانێکی دوژمنکارانەی بواری ئەمنی و گیانی بۆ سەر سەرۆکی پ س ک و پارتی سەربەستیی کوردستان کرا.
لە بەشی هەوڵی هاوپەیمانیی هەندێک لە حیزبە کوردییەکان لەگەڵ فارسەکاندا، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان، وێڕای شیکارێکی ورد، لەسەر ئەوە کۆک بوونەوە کە وێڕای ئەوەی پێویستە لایەنە کوردییەکان لەم کاتانەدا لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی دیالۆگ و دانیشتنیان هەبێت، بەڵام پێویستە لەو جۆرە دیالۆگ و کۆبوونەوانە پێداگری لەسەر پاراستنی پرسە نەتەوەییەکان بکەن. ڕێگە نەدرێت کە نەتەوەکەمان وەک کەمینەیەکی زمانەوانی و ئیتنیکی ببینرێت.
پێویستە لە هەموو بڵاوکراوە و هاوپەیمانییەکدا، کورد وەک نەتەوەیەکی سەرەکی، خاوەن زمان و مێژووی نەتەوەیی، بناسرێت.
وەک پارتی سەربەستیی کوردستان، پێموانە کە واژۆکردنی هەر ڕێککەوتننامە و هاوپەیمانییەک کە نەتەوەی کورد بە کەمینە ببینێت، بە زیانگەیاندن بە پرسی سەدان ساڵەی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد دەبینرێت لەو بەشەی کوردستاندا.
پارتی سەربەستیی کوردستان بە وردی چاودێری ئەو جۆرە چالاکییانەی دەرەوەی وڵات دەکات و، وەک لایەنێکی ناسیۆنالیستیی کوردی، لەو بوارەدا خاوەنی هەڵویست دەبێت و ڕوونکردنەوە بۆ خەڵکەکەی دەدات.
لە بەشی کۆتایی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پ س ک، داوا کرا لە پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێکهێنەرانی هاوپەیمانی، کە زیاتر گرنگی بەو هاوپەیمانییە کوردستانییە بدەن و، هەوڵ بدەن لایەنەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش تێیدا بە ئەندام وەربگرن. زۆر گرنگە لە پێشدا ماڵی کورد لەو هاوپەیمانییەدا بەهێز بکرێت. هەر لە ڕێگەی ئەو هاوپەیمانییەشەوە لە هەر جۆرە کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی پێوەندیدار بە ئێرانی داهاتوو بەشداری بکەن.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی
پارتی سەربەستیی کوردستان
٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ی کوردی. ٢٤ / ٥ / ٢٠٢٦ی زاینی




