Google search engine
ماڵەوە سەرۆکی گشتی ئەمڕۆ ٣٨٧ ساڵ بە سەر پەیماننامەی قەسری شیرین ( زەهاو ) تێپەڕ...

ئەمڕۆ ٣٨٧ ساڵ بە سەر پەیماننامەی قەسری شیرین ( زەهاو ) تێپەڕ دەبێت، لەو مێژووەدا جارێکی دیکەش کوردستان پارچە کرا.

0
54
ئەمڕۆ ٣٨٧ ساڵ بە سەر پەیماننامەی قەسری شیرین ( زەهاو ) تێپەڕ دەبێت، لەو مێژووەدا جارێکی دیکەش کوردستان پارچە کرا.
نووسینی عارف باوەجانی . 17 / 5 / 2026

دەستپێک: هەر کام لەو هاوپەیمانییە دێرینانەی ناوچەکە دەخوێنینەوە، ڕاشکاوانە دەردەکەوێ کە بەشی زۆری ناوەڕۆکی ڕێکەوتنامەکان لە لایەن زلهێزان و دگیرکەرانەوە لە سەر دابەشکردنی خاکی کوردستان بووە. نموونەی ڕوون پەیماننامەکانی نێوان دەوڵەتانی سەفەویی و عوسمانین. بۆ یەکەم جار لە ڕۆژی ١٧ مای ١٦٣٩لە سەر خاکی قەسری شیرینی کوردستان، پەیماننامەی قەسری شیرین بە سەودا و مامەڵەی خاکی کوردستان، کۆتایی بە شەڕی دێرینی زیاد لە١٥٠ساڵەی نێوان عوسمانی و سەفەوی هێنا. شەڕو ناکۆکییەکانی نێوان سەفەوی و عوسمانی لە شەڕی چاڵدێرانەوە لە ساڵی ١٥١٤ تا ساڵی ١٦٣٩ درێژەی هەبووە، زیاتر ئاگری ئەو شەڕە لە سەر خاکی کوردستان بووە و بە زیانی خەڵکی کورد و نیشتمانی کوردستان کۆتایی پێهاتووە.
قەسری شیرین کام شوێنی کوردستانە؟
قەسری شیرین واتە ‘ کۆشکی شیرن’ یەکێکە لە شارە دێرین و مێژووییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و، سەر بە پاڕێزگای کرماشانە. هەڵکەوتەی سنووری داسەپاوی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی نیشتیمانە. قەسری شیرین دەستە خوشکی خانەقینی باشووری نیشتیمانە؛ زۆر جاران هەر بۆ ( قەسر) کورت دەکرێتەوە و دەناسێنرێ؛ لەگەڵ باشووری وڵات و حکوومەتی ئێراقیشدا خاوەنی دوو خاڵی سنووری فەرمیی بە ناوەکانی پەروێزخان و خەسرەوییە. لە زەمانی فەرمانڕەوایی عوسمانی و سەفەویدا قەسری شیرین کاروانسەرای ئەو ٢ وڵاتە بووە، هەر بۆیەش یەکێک لە شوێنە دێرینەکانی ئەم شارە بە ناوی کاروانسەرای عەبباسی ناسراوە.
بە پێی پشتڕاستکردنەوەی زۆربەی سەرچاوە مێژووییەکان، ناولێنانی بۆ ئەفسانەی شیرین و فەرهاد دەگەڕێتەوە، کە گوایە کۆشکی شیرین لەو شارە درووسکراوە و فەرهادیش لە تاقۆسان بووە.
بە پێێ دوایین سەرژمێری کۆماری ئیسلامی ئێران، ژمارەی دانیشتووانی قەسری شیرین نزیکەی ٢٨٠٠٠ هەزار کەسن و بە شێوەزاری سۆرانی و کەڵهوڕی دەدوێن.
ئایین و پێکهاتەی دانیشووتانی شارەکە، لە پێڕەوانی ئاینی وەک: ئیسلام ئایینزای سوونی و شیعە، هەروەها ئایینی یارین لە پێکهاتەی(یارسان). ئەم شارە لە دەستپێکی شەڕی عوسمانی و سەفەوی تا دوا شەڕی ئێران و ئێراق لە ١٩٨٠ تا ١٩٨٨چەندین جار وە بەر پەلاماری داگیرکەران کەوتووە و چەند جارێکیش بە تەواوی وێرانکراوەو تاڵانکراوە.
ڕێککەوتننامەی قەسری شیرین، ڕێکەوتننامەی زەهاو.
دەوڵەتی سەفەوی و عوسمانی، بۆ یەکەمین جار لە ڕۆژی ١٧ ئایاری ساڵی ١٦٣٩ بە پێی ڕێککەوتننامەیەک کۆتاییان بە جەنگی درێژخایەنی نێوانیان هێنا، کە بۆ ماوەی ١٥٠ساڵ بە شێوەی جۆراوجۆر درێژەی پێدرابوو. ڕاستییەکەی ئەو شەڕانە لە زۆر سنووری فەرمانڕەوایەتیان، واتە لە جۆرجیا و ئەرمەنستانەوە تا سنوورکانی کوردستان درێژەی هەبوو. سەرەنجام بە گوێڕەی پەیماننامەیەک کە بەشی زۆری خاڵەکانی بۆ دابەشکردنی خاکی کوردستان تەرخان کرابوو، کۆتاییان بە شەڕی نێوانیان هێنا. ئیمپراتۆریی سەفەوی کە ناوەندی دەسەڵات و بڕیاردانی شاری ئیسفەهان و ئیمپراتوریەتی عوسمانییش ناوەندی دەسەڵات و بڕیاردانی ئەستانە(ئەستەمبۆڵ) بوو. چەند ساڵ پێش پەیماننامەکە، شەڕەکانیان بە شێوەی هێڕش و پەلامار بۆ داگیرکردنی خاکی ژێر قەڵەمڕەوی یەکدی زۆر تووند و خوێناوی بووە. بۆ نموونە دەوڵەتی عوسمانی ساڵی ١٦٣٥ هێرشی کردە سەر یەرێڤان-یایتەختی ئێستای ئەرمینیا و لە ژێر چنگی سەفەوییەکانی دەرهێنا و لە ساڵی ١٦٣٨ـیش هێرشی کردە سەر بەغداو لە شەڕێکی چەند ڕۆژەی خوێناویدا و کە هەزاران سەرباز و خەڵکی سیڤیلی تێدا کوژرا، زۆربەی ناوچەکانی کوردستان و ئێراقیشی خستە ژێر قەڵەمڕەوی خۆییەوە. لەو شەڕەدا سەفەوییەکان زیاتر زیانیان بەرکەوت، بەو هۆیەوە زۆر ناوچەی گرنگیشیان لە دەستدا. ئیتر شاسەفی پاشای دەوڵەتی سەفەوی بۆ بە دەستهێنانەوەی هێندێک ناوچەی گرنگی لە دەست چووی، کە نموونەیان یەرێڤانی ئەرمەنستان بوو. شەڕی ڕاگرت و داوای ئاشتی و ڕێکەوتنی کرد، ئەو ئاشتیەش لە نێوان هەردوو پاشای هەردوو بەرەی ئیمپراتۆر، واتە “سوڵتان مورادی چوارەم”ی عوسمانی و”شا سەفی”ی پادشای دەوڵەتی سەفەوی بوو. لە سەر خاکی نێوان شاری “سەرپێڵی زەهاوی” پارێزگای کرماشان لە نزیک قەسری شیرین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام درا. بە ناسناوی پەیمانی ئاشتی “پەیمانی قەسری شیرین” کە بە “پەیمانی زەهاو”یش دەناسرێت، لە مێژوودا تۆمارکرا.
لەو پەیمانە بێخەیرەدا، دیسانەوە بەشێکی دیکەی خاکی کوردستان کە لەو سەردەمەدا بە ویلایەتی شارەزوور ناسرابوو، واتە بەشی زۆری سنووری ئیستای باشووری وڵاتە، خرایە سەر دەوڵەتی عوسمانی و لە بەرابەریشدا دەوڵەتی عوسمانی شاری یەرێڤانی بۆ ئیمپراتۆری سەفەوی گەڕاندەوە.
گەلۆ ئیتر کەم بڵێن کوردستان داگیرنەکراوە و گوایا تەنیا دابەشکراوە.
زۆر جار لە کاتی شیکاری ئاکادیمی یا دیالۆگدا، ناڵێم زۆربەی بەڵام بەشێکی کەم لە کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکان، پێیانوایە کە خاکی کوردستان بە شێوەی خاکی نەتەوەکانی دیکە داگیرنەکراوە، گوایا دابەشکراوە. بۆ وڵامی ئەو بۆچوونە ڕوونە کە ئەگەر داگیرکەرانی پێشوو! کە لە٢ وڵاتی بە سیستەم ئیمپراتۆری داگیرکەرەوە و دواتر زیاترکرا بۆ ٤ وڵات، ئەگەر خاکێکیان داگیرنەکردبێت و کۆنترۆڵی تەواویان بە سەردا نەبێت، چۆن لەگەڵ ڕکابەرەکەیاندا بە مامەڵە و سەوداو هاوپەیمانی نێوانیان بە ویستی خۆیان هێلی بۆ دەکێشن و بە سەر خۆیاندا دابەشی دەکەن. کەوابێت هیچ دروست نییە نکۆڵی لە داگیرکراوی ئەو ڕووداوە مێژوویانەدا بکەین.
بە پێی سەرچاوە مێژووییەکانی ئەودوو٢ ئیمپراتۆرە تا ساڵی ١٩١٨ نزیک بە ٢٠ جۆرە ڕێکەوتن و پەیماننامەیان واژۆ کردووە، کەچی دیسانیشەوە پەلاماری یەکتریان داوە و شەڕی نێوانیان جۆش دراوەتەوە، مخابن بەشی زۆری ئەو شەڕو داگیرکاریانەش خاکی کوردستانی گرتۆتەوە.
بۆچوونی وا هەیە کە گوایە بۆ یەکەمین جار لە ڕێکەوتننامەی قەسری شیریندا کوردستان دابەشکراوە، بەڵام داگیرکردن و دابەشکردنی کوردستان لە شەڕی چاڵدرانی ١٥١٤وە دەستی پێکردبوو، لەو پەیماننامەیەدا جارێکی دیکە سنووری دابەشکاری داڕێژراویەوە.
تێبینی:
لەو بوارەدا باس و ئاماژەی مێژوویی یەکجار زۆرن، بەڵام من مەبەستم بوو، بە کورتی بە خوێنەران و نەوەی ئیستا بگەیەنم، لە کتێبی چاپ نەکراومدا، لە ژێر ناوی (هەنگاوەکان بەرەو سەربەخۆیی) بە بەڵگەو دۆکۆمێنتی مێژوویی سەردەمی ئەو ٢ ئیمپراتۆرییە، زیاتر ئاماژەم پێکردووە

Comments

comments

بابەتی پێشووKurdish / English / Hebrew / Arabic ئێران لە داهاتوودا دابەشدەبێتەوە چوون لە ڕابووردوودا Iran Will Be Divided in the Future
بابەتی دواترڕوونکردنەوەیەکی پێویست: Important Clarification Kurdi. English

وڵامێک جێ بێڵە

بۆچوونی خۆتان دابنێن
ناوتان لێرە بنووسن

نوێترینەکان