پرسی کورد پرسێکی نەتەوەییە نەک پرسێکی ناوخۆی ئێرانی.
نووسینی عارف باوەجانی
دەسپێکی بابەت: لە پەڕاوێزی ئەو کۆڕ و سیمینارانەی کە زەنجیرەیی لە دەرەوەی وڵاتەوە دەستی پێکردووە. زیاتر باس لە بەشداری لایەنە ئێرانییەکانی بە ناو ئوپۆزوسیونی ڕێژیمی ئێستای ئێرانی پێناسە دەکرێێت. لە کاتێکدا ئەم پێناسە بۆ پارتە کوردییەکان و نەتەوەکانی دیکەی بندەست پێناسەیەکی هەڵەیە. من باسەکەم لە سەر پرسی نەتەوەی کوردە .
پێویستە هەموو کوردێک بە باشی لەوە تێبگات کە ئەوە هەڵەیە کە پرسی کورد وەک کێشەیەکی ناوخۆی ئێران پیشان بدرێت؛ ئەمە پرسی ماف و پێناسەی نەتەوەیەکە کە خەبات دەکات بۆ بە دەستهێنانەوەی مافە بنەڕەتییەکانی خۆی، چی لە ڕێژیمەکانی پێشووتر و ئیستاو لەوانەیە لە ڕێژیمی داهاتووشدا درێژەی هەبێت.
لە یاساو دیدگای دیپلۆماسیشەوە، پرسی کورد نابێت تەنها وەک بابەتێکی ناوخۆی ئێران ببینرێت، چونکە ئەمە بابەتێکی پەیوەندیدارە بە مافە نەتەوەییەکان و یاسای نێودەوڵەت.
لە مێژساڵە شۆڕش و بەرخۆدانی نەتەوەی کورد لە گشت بەشە داگیرکراوەکانی، چی لە سەردەمانی سەدەکانی پێشووە بە ناوی ویلایەت و ئیماراتەکانەوە، هەروەها چی لە سەردەمانی پاش شەڕەکانی یەکەم و دووەمی جیهانیشەوە، کە بە سەردەمانی قۆناغێ مۆدێڕنی چالاکی سیاسی و مافویستی ناسراوە، بەردەوام بووە و هەیە. بەڵام جیاواز لە ساڵانی پێشوو، لە سەردەمانی سەدەی بیستەکان هەوڵدراوە ئەم شۆڕشانە هەرچەند لە پێناو ڕزگاریی و مافەکانی نەتەوەیی کوردا بووە، بە شۆڕش و پرسێکی ناوخۆیی ئێرانی پێناسە کراوە. شۆڕشگێرانی کوردستانی و نەتەوەی دیکەش، بە ئۆپووزوسیون یا بەرهەڵسکاری ئێرانی ناوبراون.
گشت دەستەواژەیەکی سیاسی کە ئەمڕۆ لە هەموو جیهان بە کار دەهێنرێت، هەموو پێناسەی تایبەت و مێژووی تایبەت بە خۆی هەیە، لەوەی کە ئەو دەستەواژەیە لە چیەوە هاتووەوە بۆ درووستبووە، کێن ئەوانەی دەتوانن ئۆپۆزۆسیون بن.
وشەی ئوپووزوسیون(بەرهەڵستکار) لە چییەوە هاتووەوە ماناو ناوەڕۆکەکەی چییە؟
ئۆپووزوسیون: Opposition) دەستەواژەیەکەی فەرانسییە. بە تاکێکی یا گرووپێک، یا ڕێکخراوێک دەگووترێت، چی حیزبی سیاسی بن، یا فراکسیونی پەرلەمانی بن، کە بەرهەڵستکاری جۆرە سیاسەتێک یا پرۆژەیەکی دەسەڵاتی ناوخۆیی وڵاتەکەیان دەبنەوە، کە ئەوان پێیانوایە ئەو سیاسەتە یا پرۆژەیە هەڵەیە، یا بە مەبەستی چاکسازی کاری لە سەر دەکەن بۆ ئەوەی بیگۆڕن. ئیتر ئەو دەستەواژەیە لە تەواوی جیهاندا بڵاوکرایەوە و لە کێشە ناوخۆییەکانی هەموو وڵاتان کەڵکی لێوەرگیرا. واتە ئەمە دەستەواژەیە بۆ کێشە ناوخۆییەکانی هەر وڵات ودام ودەزگایەکی ئەو وڵاتەیە، نە وەک بە کار بهێنرێت بۆ دوو وڵات، یا٢ نەتەوەی جیاواز، کە یەکیان داگیرکەر و یەکیان خاکداگیرکراو.
پرسیار ئەوەیە کە ئایا جووڵانەوەکانی نەتەوەی کورد لە خۆرهەڵات، دەکرێت وەک ئوپۆزوسیونی ئێرانی ببینرێت یا پێجەوانەکەی! وەک جووڵانەوەی نەتەوەیەکی خاکداگیرکراوە بەرامبەر بە وڵاتێکی خاکداگیرکەر؟
بە پێێ ئەو پێناسە کوورتەی لە سەرەوە لە سەر ئوپۆزوسیون بۆمان ڕووندەبێتەوە، کە ئەو دەستەواژەیە پڕ بە پێستی لایەن و گروپگەلێکن، کەخەڵکی تایبەتی وڵاتەکەی خۆیانن، لە هەمان زمان و ڕەگەزن، تەنیا لە دەسەڵات و کابینەکانی حکوومەتەکەیان ناڕازین. نەک حیزب و لایەنی نەتەوەیەکی بندەست، کە ڕێگەشیان پێنادرێت لە سەر خاکەکەی خۆیان جووڵانەوەی سیاسی و چالاکی مەدەنیشیان هەبێت، پەڕیوەی وڵاتانی دەرەوەشیان دەکەن و چەندین تۆمەت و پێناسەی نەشیاویان دەخەنە پاڵەوە.
بۆ ئەوەی باش لەو دەستەواژەیە تێبکەین، پێویستە ئەوە باش ئەزم بکەین کە:
یەکەم : ئێمەی کورد خەڵکی ناوخۆی ئەو وڵاتەی بە ناوی ئێران نین. وڵات و سنوور و جۆغرافیای ئێمە ناوی کوردستانە، زمان و پێناسەی نەتەوەکەی ئێمە وەک خەڵک بەشی هەرە زۆرینە کوردن، وەک زمان بەشی زۆرینە کوردییە بە هەموو زاراوە دەوڵەمەندەکانییەوە. ئەو وڵاتە بە زۆر وبەبێ و یست وڕاپرسی خاکی ئێمەی داگیرکردووە و، بە زۆر ئێمەی کردووە بە ئێرانی.
دووەم : کێشەی ئێمەی کورد کێشەیەکی ناوخۆیی ئێرانی نییە، بگرە کێشەیەکی نەتەوەییە. بە واتای ئەوەی کە کێشەی گەلێکی نیشتیمانداگیرکراوە، لە بەرامبەر نەتەوەیەکی داگیرکەردا.
کەوابێت کێشەی کوردەکان، لە بواری یاسایی و فەرهەنگیشەوە نابێت بخرێتە چوارچێوەی ئەو دەستەواژەی کە گەورەترین زیان بە خەبات و تێکۆشانمان دەگەیەنێت، یا لە قوورسایی خەباتە نەتەوەییەکەشمان بە تەواوی کەم دەکاتەوە، لە کیشەی نەتەوەیەکی دەیان ملوێنی، دەکرێتە کێشەیەکی ناوخۆیی ئەو وڵاتەی کە نیشتیمانەکەی خۆتی داگیرکردووە.
ئەگەر کاتێک بۆ خۆمان پرسەکەمان بە کێشەیەکی ناوخۆیی ئێرانی زانی، ئەوا بێگوومان لە ئاست جیهانیشدا دەیسەلمێنین کە ئێمە خاک و نیشتیمانمان داگیرنەکراوە، تەنیا کێشەی سیستەمی و ئیداری حکومەتە، یا باس لە کێشەی گرانی وهەرزانی و بێکاریمان هەیە.
ئیتر هیچ وڵاتێکیش یا زلهێزێکی جیهانیش ئامادە نابێت وەک نەتەوەیەکی جیاواز پشتیوانی سیاسی و یاسییمان لێبکات.
ئەوان لە بەر بەرژەوەندی خۆیان تەنیا ئامادە دەبن، پشتیوانی لە گۆڕینی حکومەتەکە بکەن، بۆ نموونە لە ئاینییەوە بۆ عیلامانی و مەدەنی، یابۆ حکومەتێکی بەناو دیمۆکراتی، بەڵام ئەو ئێرانە بە ناو دیمۆکراتیە، لە کردارەوە هەرگیز بۆیان ئەزم نابێت ببینن کە نەتەوەیەکی ١٥ملوێنی وەک کورد لەو جۆغرافیایەی ئەوان پێێ دەڵێن ئێران، لانی هەرەکەمی مافەکانی خۆیشی هەبێت.
ئوپۆزۆسیونی ئێرانی کامانەن.
ئەو گرووپانەی کە ئەمڕۆ لە تاراوگە پێیان دەگووترێت ئوپوزوسیونی ئیرانی. ئەوانە پارت و لایەنی سەرتاسەریخوازی ئێرانین و، لە هەوڵی پاراستنی دەسەڵات و ئیمپراتۆری فارسیین لە ناوچەکەدا.
کەوابێت حیزبە ئێرانییەکان، پاشایەتی و کۆماریخوازە نیم پەهلەویە ئێرانیەکان بە هەموو جۆرە گرووپ و ناو ناسناوێکەوە. یا لایەنەکانی دیکەی وەک موجاهید کۆماریخواز و چەپ و ڕاست و کۆمۆمنیست و سیکولارو ئایینی و هیدیکە، بەمانە دەگووترێت ئۆپۆزۆسیونی ڕاستەقینەی ئێرانی.
چوون ئەمانە کێشەو خەباتیان لە سەر شێوەی بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان هەیە. نەک وەک منی کورد خاک و نەتەوە و فەرهەنگ و زمان و مێژوویان داگیرکرابێت. ئەمانە حاکمانی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران بە وڵاتێکی داگیرکەر نازانن، بەڵکوو بە ڕێژیمێکی دیکتاتۆر و دژە ئازادی دەزانن. ئێران لە ژێر هەر ناو ڕێژێمیکدا بێت بۆ من و تۆی کورد وڵاتێکی سەداسەد داگیرکەرە بە لایەنی یاسایشدا ئێران لە درێژایی مێژووی حکوومەتی پاشایەتی و کۆماری ئێستای ئیسلامی ئێران، هەرگیز جووڵانەوەکانی گەلی کوردی بە ئوپۆزۆسیون ناو نەهێناوە، بگرە بە دژە شۆرش و نۆکەری بێیانی پێناسەیان دەکات. چوون دەزانێت تۆ داوای مافی نەتەوەیەک دەکەی، نەک داوای گۆڕانی کابینەو ڕێژیمیەکان.
بەڵام لایەنەکانی یەکپارچەیی خوازی ئێرانی، بە مەبەستەوە تۆی کورد ئەبەنە تەنیشت خۆیان وبە ئۆپۆزۆسیونت دەزانن، لە بەر ئەم دوو هۆکارە.
یەکەم: بۆ ئەوەی جووڵانەوەی تۆ لە نەتەوەییبوونی کوردەوە بگۆڕن بە ئێرانی بوون.
دووەم: بۆ ئەوەی لە ئاست جیهاندا هەموو ئێرانییەکان بە یەک نەتەوە پێشانبدەن، کە گوایا تەنیا کێشەی هەموومان گۆڕانی ئەم ڕێژیمەیە.




