بەیاننامەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان، بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدان کوردستانیانی خۆشەویست و نیشتیمانی داگیرکراو،
١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی لە سێدارەدانی یەکەم سەرۆککۆماری سەربەخۆیی وڵاتەکەمانە، کە ٧٩ ساڵ پێش بە تاوانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان، لە دادگایەکی نادادپەروەری سەربازیی ڕێژیمی پاشایەتیی محەمەد ڕەزاشا، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.
پێشەوا قازی موحەممەد، ئەو سەرۆککۆمارە سەربەرزە، هەرگیز لە یادەوەریی مێژووی دەوڵەتداریی مۆدێرنی نەتەوەکەماندا نەچووە و هەموو ساڵێک بە شکۆ و شانازییەوە یادی دەکرێتەوە. نەوە بە دوای نەوەش لە ڕۆڵی سەرەوەیی مێژوویی ئەو سەرۆکەی کوردستان ئاشنا دەکرێن.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان، هەموو ساڵێک ئەم یادە ماتەمینەی شەهیدانی سەربەرزی کۆماری کوردستان، بە یەکێک لە گەورەترین و گرنگترین ڕووداوەکانی مێژووی جووڵانەوەی نەتەوەیی گەلەکەمان دەزانێت. ئەم ڕۆژەش وەک ڕۆژی بیرکردنەوە و هەروەها وەک بانگەوازێک بۆ زیاتر ئامادەبوون بۆ خەبات لە پێناو نوێکردنەوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان دەبینرێت.
لە کاتێکدا کە یادی ٧٩ ساڵەی لە سێدارەدانی سەرۆککۆماری کوردستان دەکەینەوە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران و ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین لە نێو ئاگری شەڕ و نائارامییدا دەکووڵین. لەم ماوەیەدا، ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستپێکردووە، و ئەو ڕێژیمەش بە بیانووی جیاواز پەلاماری ناوچەکانی باشوور و بەشەکانی دیکەی کوردستان دەدات. لە ئەنجامی ئەم شەڕەی کە نزیکەی مانگێکە دەستپێکردووە، ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە کوژراون و هەروەها فشارێکی گەورەی دەروونی، ئابووری و ئاسایشی لەسەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران درووست بووە.
بە گشتی، ئەگەرەکانی ڕووخانی ئەم ڕێژیمە زۆرن. بۆیە پێویستە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها هێز و لایەنە سیاسییەکان، خۆیان ئامادە بکەن بۆ ڕاگەیاندنەوەی کۆمارێکی نوێی سەربەخۆ. دەبێت بۆ هەمیشە لە دەسەڵاتی ناوەندی و دیکتاتۆریی تاران ڕزگار ببین.
هەروا بەردەوام و بەهێز بێت خەباتی سەربەخۆیی و ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان لە پێناو پاراستنی مافە نەتەوەییەکانمان.
بەڵێ بۆ یەکڕیزی و یەکگوتاری لایەنە کوردستانییەکان بۆ ئامادەسازیی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان
١٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ی کوردی – ٢٠٢٦ی زاینی




