پەیامی بەڕێز عارف باوەجانی سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان
بە بۆنەی جەژنی نەورۆزی ٢٧٢٦ی کوردی
خەڵکی خۆشەویستی کوردستانی داگیرکراو!
لاوانی تامەزرۆی سەربەخۆیی و سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان!
بە ناوی خۆم و هاوڕێیانم لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان، بەختەوەرم کە بە بۆنەی هاتنەوەی نەورۆز و دەستپێکی ساڵی نوێی کوردی، گەرمترین پیڕۆزبایی لە ئێوەی خەباتکارانی ڕێی سەربەخۆیی و ڕزگاری نیشتمان دەکەم.
لە مێژووی نەتەوەی کورددا، هەمیشە نەورۆز نیشانەی سەرکەوتن، بەرخۆدان و ڕووخانی زاڵم و دیکتاتۆران بووە. ئەم جەژنە پیرۆزە هەمیشە پەیامی هیوابەخشی بۆ گەلەکەمان هەبووە و ئەمساڵیش، لە ساڵی ٢٧٢٦دا، بە هەمان ڕووح و مانایەوە دەردەکەوێت.
نەورۆزی ئەمساڵ، دەتوانرێت بە خۆشترین نەورۆزەکانی ٤٨ ساڵی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابنرێت. گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکان لە ناوچەکە، بە تایبەت هێرشە هاوبەشەکانی هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاوپەیمانەکانی، لەگەڵ کوژرانی عەلی خامنەیی ڕێبەڕی گشتی و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵای ئەم ڕێژیمە، ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ لاوازی، داڕمان و نزیکبوونەوەی ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە.
بەم هیوایەوە، بە یەکڕیزی و تەبایی نێوان هەموو لایەنە سیاسی و مەدەنییەکان و گشت پێکهاتەکانی کوردستان، خۆمان ئامادە بکەین بۆ گەڕانەوە بەرەوە وڵات، بەرەو دامەزراندنی دەوڵەت و کیانێکی سەربەخۆ و دیموکراتی کوردستانی لە ڕۆژهەڵاتی نیشتماندا.
ڕاستییەکەی زۆر پێویستە لە داهاتووشدا لە بڕیارە شۆڤینیەکانی دەسەڵاتی تاران دوور بکەوینەوە و بە شێوەیەکی سەربەخۆ، چارەنووسی نەتەوەی خۆمان دیاری بکەین.
*کرماشان*ی پێتەخت بکەین بە ناوەندی بڕیار و دێپڵۆماسیەت و دەسەڵات، بۆ نەتەوەی کورد و پێکهاتەکانی سەر جۆگرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
جارێکی دیکە جەژنی نەورۆز پیرۆز بێت، کە مزگێنی هێنەری ئازادی و سەربەخۆییە.
عارف باوەجانی / سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان
نەوڕۆزی 2726ی کوردی. 2026 ی زاینی



