بیست وانە لە ٢٠ ساڵ ئەزموونی بەرپرسایەتیم لە پارتی سەربەستیی کوردستان (پ.س.ک)
نووسینی: عارف باوەجانی
١٢ / ٢ / ٢٠٢٦
وانەی یەکەم: فێربووم کە تێکۆشان لە پێناوی ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان، پڕ لە لەمپەر و قورسییە؛ بەڵام شانازییەکەی لە هەموو ناخۆشییەکان زیاترە.
وانەی دووەم: فێربووم کە لەگەڵ نەتەوە و نیشتیمانەکەم هەمیشە ڕاستگوو بم.
وانەی سێیەم: فێر بووم کە ڕێگە نەدەم تاکی نەتەوەی داگیرکەر، خۆی لە منی وڵاتێکی داگیرکراو بە زیاتر و گرنگتر بزانێت.
وانەی چوارەم: تێگەیشتم کە بندەستی، ئازاری جەستەیی، دەروونی و کەسایەتی هەیە؛ بۆیە دەبێت ڕۆژانە هەوڵ بدەم بۆ نەهێشتنی ئەو ئازارانە، هەرچەندە تێچوویان زۆرە.
وانەی پێنجەم: فێربووم نەیارانی کوردستان باشتر بناسم، وە چۆن لەگەڵیان بدوێم و سیاسەت بکەم. لە ئاست نێودەوڵەتیدا چوون پرسەکە بخەمە بەر باس.
وانەی شەشەم: فێربووم کە پێش ڕووداوەکان نەکەوم و بە پەلە بڕیار نەدەم، هەروەها لە بەرامبەر پێشهاتەکاندا بە پەلە هەڵویست وەرنەگرم.
وانەی حەوتەم: فێربووم کە باڵانسی کۆمەڵگاو پێکهاتەکانی کوردستان وەک خۆیان بپاڕێزم.
وانەی هەشتەم: فێربووم باوەڕ بە هاشووهوشی کەس نەکەم، تا کردار وتواناکانی لە گۆڕەپانی کرداردا بە تەواوی تاقی نەکەمەوە.
وانەی نۆیەم: فێربووم کە لە دڵپاکی و ڕێزداریم بۆ بەرامبەرەکەم، نابێت کەڵکی خراپی لێوەرگیرێت. هەر کەسێک لە ئاستی خۆی بناسم و لەو ئاستەشدا زیاتر بەرزی نەکەمەوە؛ چونکە ئەگەر زیاتر گرنگی پێ بدرێت، لە داهاتوودا هەمان کەس کێشەت بۆ دروست دەکات.
وانەی دەیەم: فێربووم کە لە ژێر ناوی نەتەوەیی بوون، نەکەوم بە شوێن سۆزداری، یا فرت و فێڵی بەرژەوەندیخوازی، هیچ تاک و لایەنێک.
وانەی یانزەیەم: فێربووم کە لە پێناوی دەسکەوتی دارایی، مێژووی ڕابووردوو داهاتووم لاواز نەکەم. بە بێ ئیمکاناتی بەردەست ،کار بکەم، بەڵام مێژووەکەم بە پاکی بهێڵمەوە.
وانەی دوانزەیەم: فێربووم ڕێز لە هەموو کەس بگرم، بەڵام لە ئاستی بیروباوەڕەکانمدا، هیچ کەس و ڕێکخراوێک لە خۆم و پارتەکەم بە زیاتر نەزانم.
وانەی سیانزەیەم: فێربووم کە هەمیشە هەوڵ بۆ ئاشتی و ئارامیی ناوخۆیی لە کوردستان بدە و دژی ئاژاوەگێری ناوخۆیی بم.
وانەی چواردەیەم: فێربووم کە ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی سەرکردە پێشووترەکانی ڕێگای ڕزگاری بگرم و، لە وانەکانیان فێربم.
وانەی پانزەیەم: تێگەیشتووم کە ئەو کەسانەی وەک منیان پێناکرێت، هەوڵ دەدەن ساردەم بکەنەوە لە تێکۆشان. بۆیە بە قسە و کۆمێنتیان نەڕووخێم و، زیاتر خۆم بە تواناتر ببینمەوە.
وانەی شانزەیەم: فێربووم کە لە کاتی تەنگانە و ڕووداوە ناخۆشەکاندا، هەستی کوردایەتیم بە هێزتر بێت، و کوردستانم زیاتر خۆش بوێت و پشتی تێنەکەم.
وانەی حەڤدەیەم: فێربووم کە هەر بەرنامەیەکم هەبێت، چەند مانگ پێشتر دەست بکەم بە ڕێکخستن، پلاندانان و وەرگرتنی ڕێنمایی بۆ کارەکانم.
وانەی هەژدەیەم: فێربووم هەمیشە هەوڵی ڕیسککردن بدەم و، لەوە نەترسم کە لە هەندێ چالاکیدا خەڵک کەم بەشدار بێت یان کەم ببینرێت. باوەڕم وایە ساڵ بە ساڵ، هەرچی کاری زیاتر بکەیت، باڵانسی باوەڕت لە نێو کۆمەڵگادا زیاتر دەبێت. تواناییەکانت زیاتر دەچێتە نێو خەڵکەوە.
وانەی نۆزدەیەم: فێری ئەوە بووم کە لە کاتی دیالۆگ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر کەس و بەرپرسێک، خۆم لەوان بە کەمتر نەبینم و لە ئاست بەرامبەرەکەمدا، بە ورەوە خۆم پێشان بدەم.
وانەی بیستەم: فێری ئەوە بووم کە ئەگەر هاوڕێیەک لە نیوەی ڕێگای خەباتدا بە جێمیهێشتم، تووشی شۆک نەبم و لاواز دەرنەکەوم. زۆر هەوڵی وابینیی، بەڵام بەخۆشییەوە بەرامبەر هەموو ناخۆشییەکان خۆڕاگرانە ڕاوەستاوام و زیاتر لە جاران پێشکەوتمنم بە خۆم و پارتەکەوە بینی.




