ئایا ئەمریکا بە قسەی ئیسرائیل دەکات؟ ئایا ئێران بە مانۆڕە هاوبەشەکانی لەگەڵ ڕووسیا و چین پەیامەکەی گەیاندووە؟
نووسینی: عارف باوەجانی
ماوەیەکە لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە ئاماژە بەوە دەکرێت کە ئیسرائیل چیتر هیوای زۆری بە هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران نەماوە. بۆیە بیر لە ڕێگای تاکلایەنە دەکاتەوە.
لە بەرامبەردا، زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرەس و سەناتۆرەکان، بە هاوکاری لۆبی ^AIPAC^، پێداگری لەسەر پڕۆژەی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن و ڕێگە نادەن ئەم دوو هێزە لە ئاست گۆڕانکارییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست درزیان تێبکەوێت. لە ڕۆژانەدا، لۆبیگەری جووەکانی ئەمریکا هەوڵ بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونەکانی هەردوو لایەن زیاتر دەکەن.
بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە:
ئایا ئێران، بە مانۆڕە هاوبەشەکانی لە ژێر ناوی «قەڵغانی هێزە گەورەکان»، توانیوێتی ئەمریکا ـ یان ترەمپ ـ سەرسام بکات؟
زۆرێک لە شارەزایانی سەربازی نێودەوڵەتی لەو باوەڕەدان کە ئێران، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕووسیا و چین، ئەمریکای خستووەتە بەر دوو هەڵبژاردەی توند:
• یان هێرشێکی خێرا،
• یان دواخستنێکی ناچار.
ئەو هەواڵانەی کە تاران دوێنێ شاردییەوە، سەبارەت بە چوونە ناو گۆڕەپانی مانۆڕە سەربازییە دەریاییەکان، لەلایەن چین و ڕووسیا لە دەریای عومان و ئۆقیانوسی هیندی. دەکرێت یاساکانی جەنگ لە دژی ئێران بە شێوەیەکی بنەڕەتی بگۆڕێت. ئەم بارودۆخە ئەمریکا دەخاتە ناو گێژاوێکی ستراتیژییەوە؛ چونکە نزیکبوونەوەی ئەمریکا لە ڕووسیایە، بە مانای دوورخستنەوەی ئەو وڵاتەیە لە بەرەی یەکێتی ئوروپاو ئۆکرانیاشەوەیە، و لە ئەنجامدا ئەوە ئۆکرانیەکانن کە دەبێت باجەکەی بدەن.
گێژاوی ئەمریکا.
ئەمریکا بۆ ئەوەی نەکەوێتە داوی فێڵبازییەکانی ئێرانەوە، نایەوێت هێرشێکی گشتی، وەک بەکارهێنانی مووشەکی تۆماهاوک یان فڕۆکە سەربازییەکان، لەسەر ئێران ئەنجام بدات؛ بە تایبەتی لەو ناوچانەی کە کەشتییە چینی و ڕووسییەکان تێدان. ترسی ئەوە هەیە کە لە کاتی پەرلامارداندا، بە شێوەیەکی نائارەزوومەندانە مووشەک یا فڕۆکە، بەر هێزەکانی چین یان ڕووسیا بکەوێت.
ئەمریکا پەشیمان نەبووەتەوە، بەڵام…
وا دیارە ئەمریکا پەشیمان نەبووەتەوە لە بەکارهێنانی هێزی کاریگەر دژ بە ئێران، بەڵام بە هۆی ئەو ئەگەرانەی سەرەوە، لەوانەیە دەستوەشاندنەکەی دوا بخات، دوای ئەنجامدانی چەند گەشتێکی دیپلۆماسی بۆ چین و ڕووسیا.
بەم جۆرە، ئەمریکا ناچارە یەکێک لەم دوو هەڵبژاردەیە هەڵبژێرێت:
• یان هێرشێکی خێرا ئەنجام بدات، پێش گەیشتنی کەشتییە چینی و ڕووسییەکان و هاوبەشبوونیان لەگەڵ کەشتییە ئێرانییەکان
• یان هێرشەکە هەڵبوەشێنێت یان بۆ ماوەیەک دوا بخات




