بەیاننامەی پارتی سەربەستیی کوردستان، بە بۆنەی یادی ٨٠ساڵەی دامەزراندنی کۆماری سەربەخۆی کوردستان.
خەڵکی نیشتیمان داگیرکراوی کوردستان، ئەویندارانی کۆمارێکی دیکەی سەربەخۆیی وڵات، هاونیشتمانیانی خۆڕاگر و کۆڵنەدەر!
لاوانی هەمیشە تامەزرۆی سەربەستیی و سەربەخۆیی وڕزگاریی یەکجاری نیشتیمان !
تێگەیشتنی نەتەوە نیشتیمانداگیرکراوەکەمان، لە هەشتاساڵ پێشەوە، بیرکردنەوە بووە لە دامەزراندنی دەوڵەت وکیانی سەربەخۆیی و، ڕزگارکردنی نیشتیمانەکەمان لە ژێرچنگی داگیرکەران. نەتەوە کۆڵنەدەرەکەمان لە خۆرهەڵاتی نیشتیمان، لە سەردەمانێکدا کە ژمارەی وڵاتانی سەربەخۆ لە جێهاندا نەگەیشتبووە ١٠٠ وڵات. بەڵام نەتەوەی ئێمە بیری لە دەوڵەتداری و وەدەرنانی داگیرکەران کردووەتەوە.
یەکەمین کۆماری سەربەخۆیی کوردستان بە سەرۆکایەتی پێشەوای نەمر قازی موحەممەد. وەک دەوڵەتێکی مۆدێرن لە سەردەمی خۆیدا لە مێژووی پڕ لە شانازی تۆمارکراوە.
ئەو دەوڵەتداریەی نەتەوەکەمان لە کاتێکدا بووە، کە لەو سەردەمانەدا هیچ پشتیوانیەکی نێودەوڵەتیمان نەبووە و، وەک ئێستاش لە ئاست جیهاندا ناسراو نەبووە، بەڵام چوون خەڵکی کوردستان وەک نەتەوەیەکی جیاواز و نامۆ بە نەتەوەی داگیرکەر، خوازیاری سەربەخۆیی بووە، توانیوێتی حکوومەتێکی مۆدێڕنی سەردەمیانە دامەزرێنێت.
کۆماری سەربەخۆی کوردستان: ئەو کیانە سەربەخۆییە هەر چەند لە چوارچێوەی سنوورێکی کەمی جۆغرافیای ئەو بەشەی کوردستاندا بووە، بەڵام سەلماندنی باشترین بەڵگەیە کە نەتەوەی ئێمە هەرگیز نەیویستووە لە ژێر ناوی وڵاتێکی داگیرکەردا بە ناو(پەرسیان) یا ئێراندا ببێت. گوونجاویش نییە دوای تێپەڕبوونی ٨٠ ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوە گرنگەدا، هیندێک لایەنی سیاسی کوردی، هەر بیر لە پێکەوە ژیانی بێکردەوە لەگەڵ نەتەوەی فارسدا بکەنەوە.
پارتی سەربەستیی کوردستان، لە یادی ٨٠ساڵەی دامەزراندنی کۆماری سەربەخۆی کوردستان، پیڕۆزبایی ئاراستەی خەڵکئ کوردستان بە گشتی و، ڕۆژهەڵاتی نیشتیمان، بە تایبەتی دەکات.
هەر لەو پێوەندییەشدا: وەک پارتی سەربەستیی کوردستان، پێمانوایە لەم ئان و ساتەدا کە گۆڕانکاری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکردووە. ئێرانی داگیرکەر لە دۆخێکی زۆر خراپی دەسەڵاتدارێتیدایە و بەردەوام خۆپێشاندان و ناڕازییەکان لە ئاست نێوخۆیی و دەرەوە پەرە دەستێنن. وەک تازەترین جینایەت، لە پاش ڕاگرتنی هێڵی ئینتەرنێت و، کووژاندنەوەی کارەبا بە مەبەستی تۆمارنەکردنی کامیراکانی گەڕەک. باس لە کووشتنی زیاد ٢٠ هەزار خۆپێشاندانەکانی ئەم چەند حەفتەی پێێشوو دەکرێت. کە بەشێکی زۆریش لەو شەهیدانە لە خەڵکی نیشتیمان داگیرکراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. ئەم جینایەتەش زیاتر بێزاری جەماوەی و دیپلؤماسی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەم ڕێژیمە زیادکرووە.
وەک پارتی سەربەستیی کوردستان، لەم یادە پیڕۆزەدا داوا دەکەین کە پارت و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک هەنگاوی یەکەم: هەوڵی درووستکردنی دەوڵەتی کوردستان لە تاڕاوگە بدەن. بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە ئاسانکاری و ئامادەکاری بۆ ئەگەری سەردەمانی ڕووخانی ئەم ڕێژیمەوە، گەڕانەوە نێوخۆی وڵات، بە دەوڵەتێکی نیمچە ئامادەوە، بتوانین ئیدارەی کوردستان بکەین.
بە داخەوە لە کاتێکدا کە یادی ٨٠ ساڵەی کۆماری کوردستان دەکەینەوە. کە بێجگە لەوەی بە هەزاران ڕۆڵەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە خۆپێشاندانەکانی سەرەتای سالی ٢٠٢٦ شەهید و بریندار کراون. هاوکات پەلامارێکی زۆر، لە لایەن دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعی سەرۆککۆماری خۆسەپێنی سوریا، بۆ سەر خاک و دەسەڵاتی ڕۆژئاوای نیشتیمان دەدرێت بە سەدان شەهید و هەزاران بنەماڵەو ئاوارەو کراون.
ئەم ڕووداوانەی ئەم ساڵ و دەیانساڵی ڕابوودوو، بە خەیاڵی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی کوردستان لەگەڵ وڵات و نەتەوەکانی حاکم، سەلمێندراوە کە : ئەوان نایانەوێ لەگەڵ ئێمەی کورد بە ئاشتی بژین، ئەوان تەنیا نەتەوەی کوردیان وەک نەتەوەی بندەست لا پەسەندە.
بۆیە پێویستە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چیدیکە بیرۆکە و توانای خۆمان نەخەینە ژێر ڕکێفی خەیاڵی پێکەوە ژیان لە ئێرانی داهاتوودا، یا گوایا ئێرانێکی دێمۆکرات و فیدراڵ بۆ هەموو.
ئەزموونەکانی ئەم چەند ساڵە و بە تایبەت لە سەردەمانی شۆڕشی ژینا ئەمینی و ڕاپەڕینی ٣ حەفتە پێشەوە، هەڵس و کەوتی نەتەوەی داگیرکەر بە هەردوو شێوە. واتە بە حاکم و دەسەڵاتەوە، یا بە ناو ئۆپۆزۆسیون و نەیار و دژە دەسەڵاتیشەوە. ڕوونبوویەوە کە چەندە دژی مافەکانی نەتەوەی کوردن و، بە ئاشکرا نییەتی خۆیان لەو بوارەدا پێشانداوە.
پارتی سەربەستیی کوردستان: هەر لە یەکەم ڕۆژی دامەزرانییەوە، وەک پارتێکی نەتەوەیی و سەربەخۆییخواز، بانگەوازمان بۆ کارکردن لە پێناو دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیی کوردستانی کردووە، و بەردەوامیش کاری لە سەر دەکەین. دیسانەوەش هەر لەم یادە پیرۆزەدا بانگەشەی گردبوونەوەی گشت لایەنە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان دەکەین، کە لە دەوری سەکۆیەکی نەتەویی لە پێناو ڕاگەیاندنی کۆمارێکی دیکەی سەربەخۆیی کوردستان بێت، ئەگەر لە تاڕاوگەش وەک حکوومەتێکی کاتی ڕاگەیەندرێت.
بەرز و بەڕێز بێت هەشتامین ساڵیادی دامەزراندنی یەکەم کۆماری کوردستان.
هەر شەکاوەبێت خەباتی یەکگرتووییمان لە پێناو سەربەخۆیی یەکجاری و بە دەستهێنانەوەی کۆماری سەربەخۆیی کوردستان.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان.
٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی. ٢٠٢٦ی زاینی.




