بەیاننامەی هاوبەشی پێنج لایەنی سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێوەندی بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە تاران، ئیسفەهان، مەشهەد، شیراز، کرماشان، هەمەدان، ئەهواز و ناوچە و شارەکانی دیکە.
ئێمە وەک پێنج لایەنی سیاسی و سەربەخۆییخوازی کوردستان” پارتی سەربەخۆیی کوردستان، پارتی سەربەستیی کوردستان، ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد، یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان و بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان” بە وردی و لە نزیکەوە چاوەدێریی ڕووداو و ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییانەی ناو جوغڕافیای دەستکردی ئێران دەکەین.
ڕووداوەکان کە لە شێوەی مانگرتن،کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیی کاسبکاران و خوێندکاران لە پێوەندی بە ڕەوشی ئابووری و سیاسی بەڕێوە دەچن، قووڵایی قەیرانەکانی ڕژیمی داگیرکەری ئێرانی زیاتر دەردەخەن.
ئێمە پشتگیری لە مافی سروشتی و بنەڕەتیی ئەم خەڵکە دەکەین کە بەم شێوەیە ناڕەزایەتیی خۆیان دەردەبڕن، ئەوەی ئەمڕۆ لە شەقام و بازاڕ و زانکۆکاندا دەبینرێ؛ دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ساڵانێک فەساد و گەندەڵی، سەرکوتکردنی سیستماتیک، لەناوبردنی بژێوی ژیانی خەڵک، گەشەسەندنی هەژاری، بێکاری، هەڵاوسان و نەبوونی سیاسەتی بەڕێوەبەری و داگیرکارییە.
ڕژیمی ئێران ڕاستەوخۆ لەم دۆخە بەرپرسیارە؛ ڕژێمێک کە بۆ مانەوەی لە دەسەڵات پەنا بۆ ئەمنیەتی کردن، هەڕەشە و کوشتن،گرتن و تۆقاندن و داگیرکاری و وێرانکردن دەبا.
ئێمە هەرچەشنە توندوتیژییەک بەرامبەر بە خۆپیشاندەران، وەک سەرکوت، دەستبەسەرکردن و فشار لەسەر سەندیکاکانی کرێکاری، خوێندکار و چالاکانی مەدەنی ئیدانە و مەحکووم دەکەین.
بەڵام بۆ نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پرسەکە تەنیا گرانبوونی نرخ و قەیرانی ئابووری نییە؛ پرسەکە ئینکاری مافە نەتەوەییەکان، ئینکاری هۆویەت و ناسنامە و داگیرکاریی خاک و نیشتمانە.
ئێمە ئێرانی ئەمڕۆ بە پێکهاتەیەکی دەستکرد و ساختە دەزانین کە لە سەر خاک و خوێنی نەتەوەکەمان لە ڕێگەی داگیرکاریەوە بنیات نراوە و لە ڕێگەی توندوتیژی و کوشت و کوشتار و بە زۆرەملێ، کوردستانیان کردۆتە کلۆنیی، کلۆمیالیزمی ئێرانی.
خواست و ئیرادەی نەتەوەی کورد، ئیرادە و خواستێکی نەتەوەیی و مێژووییە: مافی دیاریکردنی چارەنووس؛کە لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەم مافە لەگەڵ وەدیهاتنی سەربەخۆیی، سەروەریی سیاسی و دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوەی کورد و بنیاتنانی دەوڵەتی کوردستان مانا دەگرێ و ئەوە نەتەوەی کوردە کە دەبێ بە ئیرادەی ئازادی خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکا .
نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو قۆناغەکاندا، بە وریایی و بە پشتبەستن بە هەلومەرجی مەیدانی و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیان، بڕیاریان داوە و هەنگاویان هەڵگرتووە. ئێمە ڕێز لەم پێگەیشتنە سیاسییە دەگرین و پێمان وایە هەر کارێکی گشتی و بە کۆمەڵ دەبێ بە بڕیاری ئازادانەی خەڵک و دامەزراوە مەیدانی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان، و بە هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ کات و هەزینە و تێچوو و ئامانج ئەنجام بدرێ، هەر بۆیە داوا لە هەموو لایەک دەکەین کە وەک هەمیشە بە چاوکراوەیی و وریاییەوە خۆیان ڕێکبخەن و لە ئامادەیی تەواو دابن بۆ ڕێکخستنی مەدەنی و پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگای کوردستان و … ، لە هەمان کاتدا بە جددی بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان بکەن بە شێوەیەک کە بە کەمترین تێچوو، زۆرترین دەستکەوتمان هەبێ و تەنیا کاتێک هەنگاو باوێین کە لە قازانج و بەرژەوەندیی نەتەوەکەمان دابێ.
ئەوەی کات و شێوەی هەر هەنگاوێک دیاری دەکا، تەنیا ویست و داخوازی، خواست و ئیرادە و بڕیاڕی خەڵکی کوردستانە…
ئێمە جەخت لەسەر پێویستی پاراستنی گیانی هاونیشمانیانمان و بەرگریکردن لە کەرامەتی مرۆڤی کورد دەکەینەوە. هاوپشتیمان لەگەڵ خۆپیشاندەران هاوسۆزییەکە لەسەر بنەمای ماف و ئازادی و دادپەروەری؛ نەک هاودەنگی لەگەڵ پڕۆژە سەپێنرا و ناوەندگەراییەکان، کە ڕژیم هەندێک جار بە شێوەی سیستماتیک و بەرنامە بۆ داڕێژراو، بە مەبەستی کەمکردنەوەی فشاری دەرەکی ڕێکی دەخا، بۆیە پێویستە نەتەوەی کورد کاتێک بڕیار لە ڕژانە سەر شەقام بدا کە تاران و شارە فارس نشینەکان بە ڕیژەی ملیۆنی بڕژێنە سەر شەقام، ئەگینا بازاڕی تاران و فارسستان هەمیشە لە کۆنتڕۆڵی خودی ڕژیم دابووە و تەنانەت بینیمان کە لە شۆڕشی ژینا دا هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانەش دوور نییە ناڕەزایەتییەک کە ڕژیم موهەندیسی کردبێ سەرەنجام لە کۆنتڕۆلی خۆی دەرچێ و ببێتە هۆکاری تێکڕووخانی.
لەم هەلومەرجە هەستیارە دا کە گۆڕانکارییەکان بە خێرایی تێپەڕ دەبن، داوا لە هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەکەین کە هەوڵەکانیان بۆ یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد و هێزە سیاسیەکانی کوردستان وەگەڕ بخەن و پەلە بکەن لە پێکهێنانی هاوپەیمانی و ناوەندێکی یەکگرتووی بڕیاردەر و بەرپرس لە سەر پرسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لە کۆتاییدا داوا لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بیروڕای گشتی جیهانی دەکەین کە چاودێرێکی پاسیڤ نەبن: سەرکوتکردن و گرتن و پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی خەڵک دەبێ بەڵگەمەند بکرێن و تێچووی سیاسی و یاسایی ئەم کوشت و کوشتار و جینایەتانە دەبێ لە ئەستۆی تاوانباران و دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئێران بێ.
داوا لە کۆمەڵگای جیهانی دەکەین کە فشارەکانیان بۆ سەر ڕژیمی ئێران بخەنە گەڕ و پێش بە سەرەڕۆییەکانی ئەم ڕژیمە بگرن.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
پارتی سەربەستیی کوردستان
ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد
یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی
٣١ی دێسامبری ٢٠٢٥ی زایینی




