بەیاننامەی هاوبەشی پارتی سەربەستیی کوردستان و بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
لە پێوەندی بە ئیدانەکردنی لە سێدارەدرانی چالاکانی سیاسیی کورد و عەڕەب و بەردەوامیی سەرکوت و داگیرکاریی نەتەوە غەیرەفارسەکان لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە.
بە پێی هەواڵی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ی کوردی ، شەش کەس لە چالاکانی سیاسیی عەڕەبی ئەلئەحوازی بە ناوەکانی عەلی موجەددەم، محەممەد رەزا موقەددەم ، موعین خەنفەری،حەبیب دریس، عەدنان غۆبەیشاوی و سالم مووسەوی لە بەندیخانەی سپیداری ئەحواز و زیندانیەکی سیاسیی کورد بە ناوی سامان محەممەدی خیارە لە زیندانی قزڵحەسار، لە لایەن ڕژیمی داگیرکەری ئێرانەوە لە سێدارە دران، پارتی سەربەستیی کوردستان و بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کردەوە دژە مرۆییەی ئێران ، لەو باوەڕە داین کە ئەم جینایەتەی ئێران، درێژەی هەمان سیاسەتی بەرنامە بۆ داڕێژراویانە بۆ لە ناو بردنی نەتەوە خاک داگیرکراوەکانی ناو جوغڕافیای دەستکردی ئێران .
ئەم لە سێدراە دانانە نە لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی دادوەریی دادپەروەرانە و شەفافدا ئەنجامدراون، بەڵکوو لە ئەنجامی دادگاییکردنی نمایشی و دانپێدانی زۆرەملێ و لە ژێر ئەشکەنجەدان و پێشێلکردنی تەواویەتی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە ئەنجامدراون. ئەم کردەوانەی ڕژیمی ئێران، پێشێلکردنی ئاشکرای پەیماننامە نێودەوڵەتیەکانە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ خۆی واژۆی کردوون؛ وەک مەنشووری نێونەتەوەیی مافە سیاسی و مەدەنیەکان (ICCPR)، کۆنڤانسیۆنی دژ بە ئەشکەنجە (CAT) و بنەماکانی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ (UDHR)، کە جەخت لەسەر پێشێلنەکردنی ژیان، ئازادیی بیرکردنەوە و مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە دەکەنەوە.
ئەم لەسێدارەدانانە بەشێکن لە ستراتیژێکی سیاسیی درێژخایەن و بەرنامە بۆ داڕێژراو بۆ لاوازکردنی شوناسە نەتەوەییەکان و چەسپاندنی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی بەسەر نەتەوە غەیرە فارسەکاندا- ستراتیژییەک کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە بە شێوەی جۆراوجۆر بەسەر نەتەوەکانی عەرەب، کورد، بەلووچ، کاسپینی، تورک، تورکمان و … دا سەپێندراوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درێژەدان بە هەمان سیاسەتی ناوەندگەرایی و دژە نەتەوەیی ڕێژیمەکانی پێشوو، هەر دەنگێکی دادپەروەری و داخوازیی سیاسی، مەدەنی و فەرهەنگی لە ژێر ناوی بەرچەسپ گەلی وەک “جیاییخواز”، “سیخوڕ و دوژمن” و “دژایەتی لە گەڵ خودا” و … بێدەنگ دەکا.
پارتی سەربەستیی کوردستان و بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پرسی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی ڕەگ و ڕیشەی لە ڕەتکردنەوەی مافی نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان هەیە و تا نەتەوە غەیرە فارسەکانی خاک داگیرکراو لە لایەن ئێرانەوە لە مافی سەربەخۆیی و سەروەریی سیاسی بێبەش بکرێن، سەرکوت و ئەشکەنجە و لە سێدارەدان بەردەوام دەبێ.
ئەزمونی سەد ساڵی ڕابردوو دەریخستووە کە چڕبوونەوەی دەسەڵات و نکۆڵی لە فرەچەشنی نەتەوەیی و کولتووری و زاڵبوونی ئایدیۆلۆژیای تۆتالیتاری بنەمای سەرەکیی بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژیی پێکهاتەیی و پێشێلکردنی بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ لەم خاکە داگیرکراوانەدا بووە.
ئێمە وێڕای دەربڕینی هاوسۆزیی قووڵی خۆمان بۆ بنەماڵەی زیندانیانی ئێعدامکراوی ئەحواز و کوردستان، وەبیرتان دێنینەوە کە چارەنووسی هەموو نەتەوە خاک داگیرکراوەکای ناو جوغڕافیای دەستکردی ئێران، پێکەوە گرێدراوە و ئازادیی هیچ نەتەوەیەکی خاک داگیرکراو بە بێ ئازادیی هاوچارەنووسەکانی مومکین نییە. پەیوەندی نێوان ئازار و خواستەکانی نەتەوەکانی عەرەب، کورد، بەلووچ، کاسپینی، تورکمان، تورک و ستەملێکراوەکانی دیکە، جەوهەری خەباتێکی هاوبەشە بۆ ئازادی و دادپەروەری.
بۆیە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ، یەکێتیی ئورووپا، پارلمانی ئورووپا و ڕێپۆرتێری تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئێران، خاتوو مای ساتۆ دەکەین:
• دامەزراندنی خێرای شاندێکی نێودەوڵەتی بۆ بە دواداچوون بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان و لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی زیندانیەکان، ڕێکارەکانی دادگاییکردن، و کەیسەکانی ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان لە ئێران؛
• جێبەجێکردنی میکانیزمی لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی دژی بەرپرسانی دادوەری، ئەمنی و سیاسیی ئێرانی کە بەرپرسیارن لە پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ؛
• و لێکۆڵینەوە لە سەر ڕەوانەکردنی ئێران بۆ دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی (ICC) بکەنەوە لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی جیهانی لە پێوەندی بە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی.
پارتی سەربەستیی کوردستان و بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لەو باوەڕە دان کە تەنیا بە کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی خاکی نەتەوە خاک داگیرکراوەکان و کۆتایی هێنان بە کۆلۆنیالیزمی ئێران و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی ئازاد و دێموکراتیکی سەر بەم نەتەوانە کە لەسەر بنەمای ئیرادەی خۆیان دابمەزرێ، دەتوانرێ کۆتایی بە ئێعدام و هەڵاواردن و توندوتیژی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بهێندرێ.
ئێمە بە بە باوەڕێکی پتەو و پؤڵایین بە مافی چارەی خۆنووسین، پێداگری لەسەر ئەو پرەنسیپە دەکەین کە ئازادی و دادپەروەری ،لە چوارچێوەی هێژموونی و لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەردا بەدی نایە، بەڵکوو تەنیا لە گەیشتن بە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوەی سەر بەم نەتەوە خاک داگیرکراوانە دا وەدی دێ.
کۆتایی داگیرکەری ئێرانی و سەرەتای سەربەخۆیی و ئازادیی نەتەوە خاک داگیرکراوەکان، سەرەتای ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیریە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا.
پارتی سەربەستیی کوردستان
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ کوردی
٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥ زایینی




