بە ئێرانی کردنی پرسی ڕۆژهەڵاتی نیشتیمان، تەنیا ڕەنج بەخەسارییە لە ئاست مێژووی نەتەوەییدا.
نووسینی: عارف باوەجانی.
دەستپێک: ئەگەر بە وردی لێکۆڵینەوە لە مێژووی درووستکراوی بە ناو ئەو وڵاتەی لە ئێستا پێی دەگووترێت ئێران! بکرێت. بە مێژوو زمان و فەرهەنگ و گۆڕانکارییەکانی سەدەکانی پێشوویەوە، یا هەرچی دیکەشیان لەو بوارەدا بە ویستی خۆیان نووسیبێتیان. لە بنەڕەتدا زۆربەی هەرەزۆری بەڵگەکان سەلمێندراوە کە هی خۆیان نەبووە و بگرە هەموویان لە نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەوە دزیەوە، بە ناوی خۆیانەوە لە چوارچێوەی ماڵێکدا وەک جاڵجاڵۆکە تێکەل و پێکەڵیان کردووە و مێژوویەکیان بۆ خۆیان پێ ڕازاندووەتەوە.
چۆن کەڵکیان لە مێژووی جوامیری نەتەوەی کورد وەرگرتووە:
بێجگە لە بەشداری کوردانی تێکۆشەر لە جووڵانەوە خۆماڵییەکانی کورد و کوردستان. ئەگەر ئاورێک لە شۆڕش و حکوومەت و دەسەڵاتەکانی بە ناو ئێرانی لە مێژوودا بدەینەوە، بۆمان ڕووندەبێتەوە کە کەس یا کەسانی باڵاو قارەمانەکانی ئەو مێژووانە، لە بنەڕەتدا لە کەسانی خوێنەوار و بە خێرەت و سوارچاکی کورد بوون. بەڵام لە بەبیانووی ئیمپارتۆر و دەسەڵاتی هاوبەشدا، شەڕ و فیداکارییەکانیان بەوان کردووە. نموونەش هەر لە پاش نەمانی دەسەڵاتی مادەکان، هاتنی هەخامەنشینەکان، ساسانییەکان، و قاجارییەکان و چەندین وردە جووڵانەوەی دیکە، وە دواتریش پاشایەتی و ئێستاش کۆماری ئیسلامی ئێران.
کوردی ماندوو لە مێژوو، بەڵام ڕەنج بە خەساری نەتەوەیی.
لە ئاکامی ئەو هەموو خەبات و قارەمانییەتییە مێژوویانەدا، نەتەوەی کورد بە قسەو پەرتووکە مێژووییەکانی ئەوان هەر ڕەنج بە خەساری ماوەتەوە، هەم ناسناو و هەم مێژوو شانازییەکانیان بۆ فارسەکان نووسراوەتەوە. هەوڵیشیان داوە کە ناو دیمۆگرافیای ئەو کوردانەی کە خولقێنەری مێژووەکانیان بوون، یان شاکاری ئەدەبی و هوونەریان هەبووە بگۆڕن، بە شێوەیەک کە مۆری کورد و کوردستانی بوونیان پێوە نەمێنێت.
هەوڵی فارسەکان بۆ ئاژاوەی نێو نەتەوەکان، کە گوایا تەنیا کورد ئێرانیە.
لە ئێستاشدا فارسەکانی (ناو دەسەڵات) و ئەوانەش بە ناو دژە دەسەڵاتیشن، باش لەوە تێگەیشتوون کە دەسەڵات و ئیمپراتۆری فارسی کەوتووەتە مەترسییەوە. دەزانن بێجگە لە نەتەوەی هەمیشە خۆڕاگری کورد، نەتەوەکانی دیکەی بندەستیش بەباشی هاتوونەتە مەیدانەکە، و چیدیکە بندەستی فارسەکانیان پێ قبووڵ ناکرێت. لەو بوارەدا تەنیا ئاماژە بە نەتەوەی کورد دەکەن، کە گوایا نەتەوەی سەرەکی ئەو خاکەی ئەوانە، نەک نەتەوەیەکی جیا و خاوەن مێژووی تایبەت بە خۆیان. بەو شێوە درووشمە فریودەرانەیان، هەم حاکمانی دەسەڵاتداریان و هەم بە ناو ئۆپۆزۆسیونەکانیان هەموویانەوە لە هەوڵی درووستکردنی کێشەو ئاژاوە و ناکۆکی نانەوەن لە نێو نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکە.
ئەوەی بە باشی لە فرت وفێڵی فارسی داگیرکەر تێبگات، باش لەوە حاڵییە، کە ئەم شیکاریەیان بۆ دڵسۆزی نەتەوەی کورد نییە، بگرە بۆ بە ئێرانیکردنی کوردە بە شێوەی عەیارە ٢٤. ئەویش تەنیا بە قسەی بێکردەوە، لە کۆتاییدا کوردیان بە شەڕکەرێکی ڕەنج بە خەسار هێشتووەتەوە، ئەگەر بەو قسانەی ئەوان دڵخۆش بین، ئەوا لە داهاتووشدا هەر وا دەمێننەوە.
هەر چەند بە خۆشییەوە لە سەردەمی ئێستا نەوەی نوێ و هۆشیاری نەتەوەییماندا، ئەو خەیاڵە فارسیانە بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت جێبگرێت.
لە لایەکی دیکەشەوە دەکرێت بڵێین بە داخەوە هەوڵەکان لە ڕێگەی چەند بە ناو شیکارێکی کوردەوە بە بیانووی ڕەنگاڵەکردنی ئێرانێکی فیدراڵیەوە، خەریکە لە ڕێگەی کاناڵە فارسییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم سەردەمەی ئێستادا، سەرە ئێشەیەکی گووماناوی لە نێو ژمارەیەکی کەم لە جیلی نوێدا، گوایا بۆ ئەوەی لە داهاتوو مافمان هەبێت، پێویستە لە ئێستادا نەتەوەی کورد پێش لەشکر بێت، بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی فارسی لەعەباو عەمامەوە بۆ فارسی لووس و کابۆ و کەراواتەوە. بەو خەیاڵەی لە داهاتوودا کود نیمچە حوکمێکی لە ئێران مۆدێڕندا دەبێت. بەڵام بە کردەوە سەلمێندراوە کە دەسەڵاتی فارسی، هەمیشە بە مووشەک و تفەنگ و بەندیخانەو پەتی سێدارە، وڵامی خەباتی خۆشباوەڕی کوردیان داوەتەوە.
وریابین و دیسانەوە نەکەوینە داوەکەوە.
گەلۆ : وەک دەزانن ڕۆژانە هەواڵی نۆی لە سەر گۆڕانکارییەکان خۆرهەڵاتی ناڤین بڵاو دەبێتەوە. ڕۆژانە هێزەکانی دەریایی و هەوایی بەرەو ئەو ناوچانە جووڵەی پێدەکرێت. پەیتا پەیتا بەڵگەکان دەریدەخەن کە بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێستای ئێران بۆ زلهێزانی کۆتایی پێهاتووە و، بە دوای چارەسەری دیکەدان.
لەو بوارەدا وەک نەتەوەی کورد پێویستە زۆر وریابین و دیسانەوە نەکەوینە ناو گێژاوی مێژووی هەڵەی چەند بارە دووپاتکراودا. با هەمیشە ئێمەی کورد لە کۆتاییەکاندا بە ڕەنج بەخەساری نەمێنیەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا فارسەکان لە گرووپ و ناوی جیاوازەوە، هەوڵدەدەن دیسانەوە بە فرت و فێڵ و زمانلووسی، کە بە زمان شیرینی و پێکەنینی سیحراویان، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ژەهراویان، کە ئەویش وەک میراتی نەتەوەیی بۆیان ماوەتەوە، نەمانخەنە ناو دۆخی لە بەیندانی هەستی نەتەوەییدا.
دەستەواژۆیەکی میدیا و تاک و حیزیە فارسییەکان هەیە: کە تەنیا بەرامبەر بە کورد وەک ژەهر کاری پێدەکرێت، ئەویش ئەوەیە کە گوایا خەباتگێڕانی نەتەوەی کورد : ئەگەر کوردستانی بیر بکەنەوە و خەبات بکەن، ئەوە دەچێتە قالبی شۆفینیستی و ناشیونالیستیەوە، بەڵام ئەگەر سەرتاسەریخوازی ویەکپارچەییخوازی خەبات بکەن، ئەوا دەچێتە قالبی وڵاتپاڕیزی و ئازادیخوازیەوە؟. ڕاستی ئەو دەستەواژۆیە ئەوەیە کە: ئەگەر نەەتەوەیەکی بندەستی نیشتیمانداگیرکراو. بیر لە ڕزگاریی خاک و نیشتیمانەکەی خۆی نەکاتەوە، و بە دوای درووشمی ڕزگاری نەتەوەی دیکە لە ژێر ناوی پێکەوە ژیاندا بکەوێت، ئەوە پێی دەگووترێت ( نەتەوەی گەمژە لە نێو مێژووی تەماویدا).
نا بۆ تێکەڵی و پێکەوە خەبات و پێکەوە ژیان لە گەڵ نەتەوەی سەدانساڵ داگیرکەر، کە دەبێتە هۆکاری تواندنەوەو ئاسیمیلەکردنی نەتەوەی کورد.
بەڵێ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
02.10.2025




