دیداری سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان و(ئوولە ئیلەڤستووەن) ئەندام پەرلەمانی نەرویج.
meeting between the PSK Leader, and Ole Elvestuen, Norwegian member of parliament.
لە میانەی چالاکییە دێپڵۆماسییە بەردەوامەکانی پارتی سەربەستیی کوردستان، لە ئاست نێودەوڵەتیدا، و بە مەبەستی کۆکردنەوەی دۆستی زیاتر بۆ پرسی نەتەوەکەمان. دیداری ئەمجارەی بەڕێز عارف باوەجانی / سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز (ئوولە ئیلەڤستووەن) ئەندام پەرلەمانی نەرویج، لە لیستی پارتی لیبراڵ( ڤێنسترە)، لە شاری ئۆسڵۆی پایتەختی وڵاتی نەرویج، بەڕێوە چوو.
لەو دیدارە دۆستانەدا کە مێژووی ئاشناییان دەگەڕێتەوە بۆ نزیک بە٢٢ساڵ پێش. لەو کاتەدا هەردووکیان پێکەوە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی ئۆسڵۆی پایتەختی وەڵاتی نەرویج بوون. ناوبراو لە ڕێگەی بەڕێز عارف باوەجانی سەرۆکی (پ س ک) تێکەڵ بە پرسی کورد بووە و، بەردەوام لە کۆڕو کۆبوونەوەو ئاهەنگ وگردبوونەوە کوردییەکاندا، بەشداری دەکات و،پەیام و پشتیوانی پارتەکەی واتە( پارتی لیبراڵی نەرویجی ڤێنسترە) پێشکەش دەکات.
لەو دیدارەدا پێکەوە شڕۆڤەیان لە سەر چەند خاڵی گرنگ کرد. وەک ئەم خاڵانەی خوارەوە.
١ / هەڵویستی سێ وەڵاتی ئورووپا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرانسە، لە بەرامبەر ئێران.
٢ / پرسی هەنووکەیی نەتەوەی کورد لە خۆرهەڵاتی ناڤین بە گشتی و پرسی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت و ئاییندەی ئێران.
٣ / باسێک لە سەر پارتە لیبراڵەکانی ئورووپا.
بەڕێز ئیلڤستووەن، خۆشحاڵی خۆی بە دیدار نوێکردنەوە لەگەڵ سەرۆکی پ س ک پێشانداو، ناوبراو ئاماژەی بە چالاکییە بەردەوامەکانی سەرۆکی پ س ک کرد، لە ئاست نێودەوڵەتیدا.
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان،
٧ی خەمانانی ٢٧٢٥ی کوردی. ٢٩ / ٨ / ٢٠٢٥ی زاینی.




